Skip to the content

بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە بواری کشتواڵی لە نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان واژۆ کرا

ئەمڕۆ یەکشەممە 8/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی لە نێوان هەردوولا کرا.
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵلا و حکومەت و گەلی ئوردن دەربڕی، کە لە قۆناخە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە نیشان دا.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەت، یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک واژۆ کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات.