سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سێناتۆر لینزی گراهام كۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2/28، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر لینزی گراهام، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سێناتۆر گراهام و ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد، و تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
سێناتۆر گراهام خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن نیشان دا، و دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و داوا و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێم و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.