Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: هەرێمی كوردستان هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی

ئەمڕۆ یەکشەممە 1/28، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی کردووە. ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندان. سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند کە لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتيی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

ئامادەبووانی بەڕێز
بەیانیتان باش
زۆر بەخێر بێن

دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە. بەخێرهاتنەوەی هەموو نوێنەرەکانی حکومەت دەکەم. هیوادارم لە ڕۆژانی کۆنفرانسدا، گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدار بکرێت و ئەنجام و ڕاسپاردە و پێشنیارەکان، لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانماندا بێت.

جێی خۆشحاڵییە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی کردووە. ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتيی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.

لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چ لە ڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا.

هەرێمی كوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیى هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە.

هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی درێژ کردووە. بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌ و پێویستە سەروەریى هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت.

لێرەدا بە پێویستی دەزانين سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بکەين کە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاتنەکایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بوون لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، بە تایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ کردووین و بەردەواميشن لە پشتیوانیکردنمان.

هەرێمی کوردستان شانازی بە پەیوەندی لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانی دەکات و پابەندبوونی خۆشی، بە پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سەروەری یاسا و هەموو بەها هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو، دووپات دەکاتەوە.

بەڕێزان :

ئێمە ڕەوەندێکی بەهێز و گەورەی کوردستانیمان لە تاراوگە هەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لەو وڵاتانەی لێی دەژین هەیە و لە هەندێک لەو وڵاتانە، لە بوارەکانی سیاسی و پەرلەمانی و زانستی و ئەکادیمیدا، خاوەن پێگەیەکی دیار و ڕێزلێگیراون و کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر و بلیمەت و زانایان تێدایە. ئێمە شانازی بە دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ڕەوەندی کوردستانییەوە دەکەین و هیوادارین نموونەیەکی جوان و گەشی کۆمەڵگەکەمان بن لە دەرەوە و ڕۆڵی گرنگی خۆیان، لە ناساندنی کولتووری کوردستانی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بگێڕن و يارمەتیدەر و هاوکاری پرۆسەی ئاوەدانی و چاکسازی و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی کوردستان بن.

پێویستە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی، هەماهەنگی و هاریکاری و پەیوەندییەکی باشیان لە نێواندا هەبێت و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم، ماڵی کوردستانیيان بن و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش بکەن و هەردوولا سوود لە یەکتر وەربگرن لە پێناو زیاتر ناساندنی دۆز و پرسی گەلەکەمان و دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی کوردستان بێت.

بەڕێزان:

حکومەتی هەرێمی كوردستان ، لە ماوەی ڕابردوودا ، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریى خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە. بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و خوازیارم ئەنجامی باشی هەبێت و ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان.

هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.