سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ئهمڕۆ پێنچشەممە 1/11 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ڤیرجینیا گامبا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێی چەکداری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان، کورتەیەکی لهبارەی کار و چالاکییەکانیان و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو. ستایشی هەوڵ و ڕێکار و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە بواری پاراستنی مافەکانی منداڵان. خۆشحاڵیى خۆشی نیشان دا کە سەرۆکی حکومەت تێگەیشتنێکی باشی لەبارەی گرنگیی پاراستنی مافەکانی منداڵان و ئەرک و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەم بوارە هەیە.
سەرۆکی حکومەت ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان دەربڕی.