Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنێرێت

ئەمڕۆ شەممە 7/6 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد .

سەرۆکی حکومەت لە نامەکەیدا ، ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.

ئەمەش دەقی نامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ؛

بەرێز دکتۆر مەسعود پزیشکییان
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران

بە ناوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی گەلانی ئێران و هەڵبژاردنتان وەک نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین کە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەتان، گەشەسەندن و پێشکەتنی زیاتری بۆ گەلانی ئێران لێ بکەوێتەوە و هەروەها پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەل هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکڕای ناوچەکە ، بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکار دەبین و دەخوازین لە سەر بنەمای ڕێز و دۆستایەتی دوولایەنە، باشترین پەیوەندیمان لە گەل کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت و پێکەوە کار بکەین بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پیشکەوتنی زیاتر لە ناوچەکەماندا و بە تایبەت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بدەین بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان.

هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە کە دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بکرێتە زەمینەیەکی لەبار لە پێناو لێکتێگەیشتنی زیاتر و نەهێشتنی هەر کۆسپ و کێشەیەک و جێگیرکردنی پەیوەندییەک کە لە ئاست چاوەڕوانیی هەردوولامان بێت.

هەر سەرکەوتوو بن و خوای گەورە یار و یاوەر و پاڵپشتتان بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان