Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانیێل شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و جەنەراڵ جۆل ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و نیکۆل سۆفتنێس بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا ، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژی ئەمەریکایە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی .
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لەمبارەیەوە ،جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا ، سوپاسی هەوڵ و کارکردنی بەردەوامیی سەرۆکی حکومەتی کرد بە ئاراستەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکی حکومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکا نیشاندا و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.