سهرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى له ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەکات
پاش نیوەڕۆی ئهمڕۆ چوارشەممە 6/26 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
شاندەکە کورتەیەکیان لهبارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکارییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاری هەڵەبجە خستەڕوو، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. ئاماژەشیان بەوە دا کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.
شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەنديی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد.
سهرۆكی حکومەت دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەنديی بەردەوامدایە، تا ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.