Skip to the content

سەرۆکی حکومەت سایلۆی قوشتەپەی کردەوە

سەرۆکی حکومەت:

* لە گفتوگۆ و پەیوەنديی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت.

* بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک.

ئەمڕۆ سێشەممە 6/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لەنزیکەوە چاودێريی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووريی هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن. ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەنديی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نەبووە.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاريی کەرتی تایبەتیش، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازيی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی بیست و یەک ملیار و دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن و هەشتسەد و سی و پێنج هەزار دینار، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.