سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، پێشوازی لە دەیڤد بێرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا كە مارک ستڕۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ئامادە بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەشێوەیەک کە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت. لەمبارەیەوە سەردانی حەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگێندرا.
جەختکردنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.