Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

ئەمڕۆ هەینی 6/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد.
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوه‌ندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاووتوێ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژوەنديی هاوبەش.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.

دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکان بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.