سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 3/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنین کە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی کوردستاندا بێت و دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە هەنگاونان بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆری و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ناکات.
باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، خواستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.