سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/17 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بغداد ( مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی کرد بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی . هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ( هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاستی پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆکی حکومەت لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا.
بانکی بەغداد،یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی1992 لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی ، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەڕەبی لقی هەیە.