سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کوەیت لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە عوسمان ئەلداوود، کونسولی گشتیی کوەیت لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیت کردەوە کە مێژوویەکی هاوبەشیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و دیکتاتۆری هەیە.
باڵیۆزی کوەیت ئاماژەی بەوە دا کە دەوڵەتی کوەیت بە چاوی ڕێز و گرنگییەوە لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، بیر وڕا لەبارەی دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنانی کوەیتی لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا.