سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای فیدراڵ دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدراڵ کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پرۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دووپاتی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریى هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پرۆژەیەکیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی هاوئاهەنگی و پەیوەنديی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد، بە ئاراستەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان کە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.