سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە سینچۆل لیم، کونسولی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریا کرايهوه.
باڵیۆزی کۆماری کۆریا، ستایشی دیدگهی سەرۆکی حکومەتی کرد لە کارکردن بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.
باڵیۆزی کۆریا هەروەها ئاماژەی بە پەیوەنديی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، کە بیست ساڵ لەمەوبەر تیپی سەربازيی (زەیتوون)ی کۆریا هاتنە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دەستی پێ کرد و چەندین پرۆژەی گرنگییان لە کوردستان ئەنجام دا، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئاژانسی هاریکاريی نێودەوڵەتیی کۆریا/کۆیکا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاری و بەشداريی کۆریای باشوور لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی هەرێم دەربڕی و جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.