Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: بەرنامە و پلانی حکومەت ئەوەیە بە تەنیا گرنگیی بە سەنتەری پارێزگاکان و شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکو پێویستە شارۆچکە و دێهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 5/28 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەرەسمێکدا بەردی بناخەی چوار پڕۆژەی لە شاری سۆران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانا.
پڕۆژەکان بریتین لە ڕێگەی دووسایدی چل مەتری هۆڵی بۆنەکان-شەهیدانی ئازادی، بەرزە پردی دەروازەی سۆران لەگەڵ جوانکاری ڕێگەی سەرەکی ،پارکی نیشتمانیی سۆران ، پارکی ناوشار.
هەروەها کردنەوەی ئەکواپارک لە کۆمەڵگەی گەشتیاری پانک لە ڕواندز.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە تەنیا گرنگیی بە سەنتەری پارێزگاکان و شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکو پێویستە لە پاڵ ئەوانیش، شار و شارۆچکە و دێهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەنجام بدەین.

ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر زۆر بەخێر بێن

خۆشحاڵم جارێكی تر بە یەك دەگەینەوە. خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین بۆ دانانی بەردی بناخەی چەند پڕۆژەی گرنگ. دوێنێش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بووین بۆ كردنەوەی پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە. ئێمە هەوڵ و كۆششمان ئەوە بووە كە وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بەردەوام بن. بەرنامە و پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە تەنیا گرنگیی بە شارە گەورە نەدرێت، بەڵکو پێویستە لە پاڵ ئەوانیش، شارو شارۆچکەكان گەشە بكەن و دێهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە.
دەڤەری سۆران لە زۆر ڕووەوە، یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی. چونکە جیا لەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، لە ڕووی کشتوکاڵیی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاریشەوە، پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەکرێت ڕۆڵێکی دیار لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریدا بگێڕێت.
لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەكی زۆر لەبارەی هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەكانی پلانی هەندێك پرۆژەی گەشتیارین كە ئەم ناوچەیە بە جۆرێك پێش دەخات كە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەكانی جیهان بێت و بە هەزاران دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت.
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە دەڤەرەکانی سۆران و بارزان و باڵەکایەتی و برادۆست پێک دێت، خاوەنی پێکهاتەیەکی دانیشتووانی هەمەڕەنگ و هەمەجۆرە، کە ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندیی ئەم ناوچەیەیە کە لە شۆڕش و ڕاپەرینەکانی گەلی کوردستاندا قوربانییەکی زۆری داوە و ساڵانێکی زۆر مەڵبەندی شۆڕشەکانی کوردستان بووە.
هەروەها جێی خۆشحاڵیشە کە چەندین ساڵە، پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکانی ئەم ناوچەیە، موسڵمان و کریستیانەكان، زۆر بە تەبایی و ئاشتیانە بەیەکەوە دەژین، هیوادارم ئەم کولتووری بەیەکەوەژیانە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و زیاتر قووڵ ببێتەوە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین پڕۆژە لەم سنوورە ئەنجامدراون، بێگومان پڕۆژەی زیاتر و گەورەتریش لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە كە بۆتانی بكەین. بەداخەوە ئەو کێشە و قەیرانانەی بۆ ئێمە دروستکران، لە ماوەی رابردوودا نەیانهێشت وەکو پێویست خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، بەڵام ئێمە گەشبینین کە بە خۆڕاگری و پشتیوانیی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەموو قەیران و کێشەکان تێدەپەڕێنین و ئەم دەڤەرەش زیاتر گەشە دەکات و دەبووژێتەوە.
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لە رووی ئیداری و خزمەتگوزاری و گەشەسەندندا هەست بە گۆڕانكاریی زۆری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، ئەمەش كاریگەریی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەكان بەدەر دەخات. ئاواتەخوازین بە هاوكاریی ئیدارە و هاووڵاتیان لەم دەڤەرەدا دۆخی خزمەتگوزارییەكان و رێكخستنەوەی ناو شارەكان باشتر بكرێت. لە هەموویشی گرنگتر وەك هەمیشە ئەم پەیامە دووبارە دەكەمەوە كە بە هەموومان پێكەوە، ژینگە و سرووشتی جوانی كوردستان بپارێزین، بە تایبەتی ئەم دەڤەرە، دەڤەرێكی زۆر دڵڕفێنە، سرووشتێكی زۆر جوانی هەیە، من دڵنیام، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە ببێت بە ناوچەیەكی گەشتیاری كە لە هەموو جیهاندا ڕووی تێ بكەن.

ئێوە هەر شاد و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.