Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ زياتر گرنگیدان بە ڕێگەوبان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە 5/27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی و ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی حکومەت بوونەوە، بەڵام هەوڵمان دا بە پێی توانای دارایيی بەردەستمان، بە هاوکاری و یارمەتيی کەرتی تایبەت، چەندین پرۆژەی گرنگ لە بواری بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەتیش پرد و ڕێگەوبان ئەنجام بدەین.


ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مایەی خۆشحاڵیمە كە دووبارە سەردانی ئەم دەڤەرە تێكۆشەرە و نیشتمانپەروەرە دەكەم و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم بۆ كردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە، كە نزیكەی چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناخەكەیمان دانا.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژە گرنگە، كە بێگومان سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم ناوچە و ئەم دەڤەرە دەگەیەنێت و سنووری پشدەر و بیتوێن و مەرگە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتيیان، هەروەها سوودێكی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە ناوچەكە، یارمەتیی گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاریش لەم دەڤەرە دەدات.
چوار ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێكی سەختی دارایی و تەندروستی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە تووشی هەرێمی كوردستان بوو، ئێمە لەو كاتە بەردی بناخەی ئەم پرۆژەیەمان دانا، كە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو كرا و خرایە خزمەتی هاووڵاتیيانەوە. ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازی و پێزانینە، كە ئەم پرۆژە گرنگە بە تەواوی لە لایەن توانا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراوە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شایەدی ئەوەین كە توانا ناوخۆییەكان لە بواری دروستكردنی ڕێگەوبان، گەشەیان سەندووە و كوالێتیی ڕێگە و پردەكان زۆر باشتر بووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیيان و هەروەها پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەبێت.
ئێمە پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ خزمەتی كەرتی ڕێگەوبان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، خوا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم كە شادەماری ئابووریی هەرێمن، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر پێش دەخەین. خەڵكی ئەم دەڤەرە وەك ناوچەكانی دیكەی كوردستان بێگومان هەموومان دەزانین كە قوربانییەكی یەكجار زۆریان داوە لەپێناو ئازادی و بەدەستهێنانی دەستكەوتە نیشتمانییەكان، بۆیە خەڵكی ئەم دەڤەرە، شایستەی زیاتر خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارین.
لەم ڕووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی توانای بەردەست، چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ئەم ناوچەیە.
ئێمە لەم كابینەیە هەوڵمان داوە، ئابووریی هەرێم فرەچەشن بكەین و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیش، كە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئەم بەرنامە ئابوورییەن، ئێمە لەم دەڤەرە دەزانین هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە كە ئەم كەرتانە تێیدا گەشە بكەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە بڕەخسێندرێت.
هیوادارم وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەكانی ئەم دەڤەرە و دەڤەرەكانی دیكەی كوردستان، بەشدارییەكی كاراتر لە وەبەرهێنان لەم كەرتانەدا بكەن، پێشتریش بڕیارمان داوە كە دەستەی وەبەرهێنان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، ئاسانكاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە كەمتر گەشەسەندووەكاندا بكەن و زەمینەیەك بڕەخسێنن كە پرۆژەكان لەم دەڤەرانەشدا قازانج بكەن و بەردەوام بن.

ئامادەبووانی بەڕێز:
لە چەند ساڵی ڕابردوو، بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاندووە، لێرەدا جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتیيانی خۆشەویست دەكەم. ئێمە هەموو هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ و هەموو تواناكانی خۆمان بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بە تایبەت مووچەی هاووڵاتیيان كە لە كاتی خۆیدا بدرێت. هەوڵمان داوە كێشەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین. من بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتيیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتیيان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە.
جارێكی دیكەش پیرۆزبایی كردنەوەی ئەم پردە لە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەكەم.
ئیتر هەر شاد و سەركەوتوو بن. كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.