Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/16 مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیر و ڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی ، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.

پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.
دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە ێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و  پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالدا دەربڕی.
گوتیشی خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە .