سهرۆكی حکومەت پێشوازی لە وهزيرى ناوخۆى بهريتانيا دەکات
ئهمڕۆ پێنجشەممە 11/28، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کرا.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هەروەها ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا، وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پرۆژەی (هەژماری من) ئاڵوگۆڕ کرا.