Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 11/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایيی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە زووترین کاتدا، لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری و پێشهات و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان.
هەروەها بیروڕا لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستی دابینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوا ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکات بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بەڵام سەرنج و تێبینیشی لەسەر پرۆسەکە هەیە، کە پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت.