Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 11/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد، کە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیيانە بەڕێوەچوو، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو.لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە گۆڕانکاری و پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پرۆژەی (هەژماری من) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران.

لە بە شێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانی دایەوە.