سهرۆكی حکومەت پێشوازى له نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 10/15، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئەلحەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کورستانی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ نوێنەری تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕۆڵی یونامی لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
نوێنەری تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە؛ هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەش و جوانی پێشکەوتن و ئاوەدانییە و دەکرێ ببێتە مۆدێلێک بۆ هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئامادەییی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بۆ هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق کە بڕیارە لە 20 ی نۆڤيمبەری ئەمساڵ بکرێت، ئاڵۆگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەکەین، بەڵام دەبێت تەنیا لەپێناو پێشخستن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بێت و بۆ هیچ مەبەست و ئامانجێکی سیاسی بەکارنەهێنرێت.