سەرۆکی حكومەت: هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناخی دابینکردنی ئاسایشی خۆراك هەنگاو دەنێت
ڕۆژی دووشەممە 10/7، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی (کاڤین فارم)ی لە دهۆک كردەوە کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگا و بەرهەمهێنانی ماست و شیر و پەنیر و بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەی ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.
لە گوتارێكدا، سەرۆكی حكومەت جەختی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەجۆركردنی داهاتەكان كردەوە و باسی لە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ لە پێشخستنی كەرتەكانی دیكەی وەك پیشەسازی و بازرگانی كرد، هاوكات خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناخی پاراستنی ئاسایشی خۆراك هەنگاو دەنێت.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئامادەبووانی هێژا و قەدرگران
سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم. پێش دوو ساڵ ئێمە هاتینە ئێرە بۆ دانانی بەردی بناخەی ئەم پڕۆژەیە و ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی پرۆژەکە. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كارێكی زۆر باش كراوە، ئەوەی من بینیم، بەڕاستی جێی دەستخۆشی و شانازییە كە پرۆژەی لەم چەشنە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەکرێن و ئەوەش یەكێكە لەو پرۆژە زۆر ستراتیژییانەی كە لێرە لە دەڤەری سێمێل دانراوە.
ئەم پڕۆژەیە بۆ هەموو پارێزگای دهۆك و هەموو كوردستان سوودی دەبێت، زۆر لەو پرۆژە ستراتیژییانە لە دەڤەری سێمێلن، وادیارە كە گرنگیی ئەم دەڤەرە بۆ پێشخستنی ئەم جۆرە پرۆژانە چەندە بەرچاوە. هیوادارین خەڵكی ئەم دەڤەرە سوود لەم پرۆژانە ببینن. بێگومان شایستەی گەلێك پرۆژەی دیكەشن و کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن، چ بۆ بابەتی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە یان پێشخستنی ئابووریی ئەم ناوچە یان هەر بابەتێكی دیكە كە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان.
ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ لێرە كراوە، بۆ بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە، ئەو ڕووبەرەی كە پرۆژەكەی لەسەر جێبەجێ كراوە، ڕووبەرێكی زۆر بەرفراوانە و بێگومان كاریگەرییەكی باشی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت و دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە زیاد دەكات. دیارە سەدان دەرفەتی كار لەم پرۆژەیەدا هەیە و چەند فراوانتریش ببێت، ئەم دەرفەتانە زیاتر دەبن و خەڵكی ئێمە نەك تەنیا دەتوانن لێرە كار بكەن، بەڵكو فێری پسپۆڕیی دیكەش دەبن و هێدی هێدی ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی دیكەش بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
بەرنامەی حکومەت بۆ هەمەچەشنكردن و هەمەجۆركردنی ئابووریمان بۆ ئەوەیە ئێمە بە تاکە سەرچاوەیەکی داهاتەوە پابەند نەبین، بەڵكوو ئامانج لە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ بۆ ئەوەیە چونکە گەلێك سوودی بۆ پێشخستنی هەموو كەرتەكانی دیكەش دەبێت. ئێمە بەو هیوایەین كە بابەتی ئاسایشی خۆراك لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان دابین بكرێ و خەڵكی ئێمە چیتر ناچار نەبن بەرهەمی خواردن لە دەرەوە بێنن یانیش ئەگەر خوا نەكا تووشی قەیرانێك بووین، بابەتی خواردن و ئاسایشی خۆراك بۆ ئێمە ببێتە كێشە و ئاریشە.
دابینكردنی خۆراک بۆ خەڵكی كوردستان یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمە و من دڵخۆشم كە دەبینم لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بەبێ جیاوازی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە پرۆژانە ئەنجام دەدرێن، گەلێك لەوان گەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی و هەندێكیشیان هێشتا لە بەرنامەدایە كە جێبەجێ بكرێن.
پاراستنی ئاسایشی خۆراك بۆ هەر وڵاتێك، بۆ هەر نەتەوەیەك، بۆ هەر میللەتێك شتێكی زۆر گرنگە، من خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەرەو ئەو قۆناخە و ئەو ئامانجە هەنگاو دەهاوێژێت.
دروستكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی ئێمە، یەكێكە لەو بابەتانەی كە ئێمە هەموو كاتێك ویستوومانە كەرتی تایبە هاوكار بێت لەگەڵ كەرتی گشتی و حكوومەت، خەڵك هەموو دەم ناچار نەبن چاوەڕێی دامەزراندن لە حكوومەت بن، بەڵكوو لەم جۆرە پرۆژانەدا دەرفەتی کاریان هەبێت، ئەوكات بڕیار لە دەست هاووڵاتیدایە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدات كە لە كەرتی گشتی كار دەكات یان لە كەرتی تایبەت كار دەكات. كاتێك ئەم پرۆژانە جێبەجێ دەكرێن، هەر پرۆژەیەك، پرۆژەیەكی دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. هەروەها لە ڕووی پیشەسازیشەوە، ئەم جۆرە پرۆژانە پێویستییان بە ئامێری كشتوكاڵی و بەڕێوەبردن و چاككردنەوە و هاریكاریی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەر پرۆژەیەك، پرۆژەیەكی دیكەی لێ بکەوێتەوە ، پرۆژەی پیشەسازیش لە دوای كشتوكاڵیدا دێن. ئێمە لە بەرنامەماندا هەیە، گەلێك گرنگی بە كەرتی پیشەسازی بدەین تا ئەویش ببێتە دەرفەتێكی دیكە بۆ خەڵكی ئێمە بۆ ئەوەی بتوانن هەم كوردستان بەرەو پێش ببەن، هەم دەرفەتێکی زیاتر بۆ خەڵكی ئێمە هەبێت كە لە بواری جیاوازدا كار بكەن.
ئەم پرۆژەیە بێگومان كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر بازرگانیشدا هەیە، ئێمە لەمێژە هەوڵێكی جددیمان داوە كە كوردستان بە بازاڕەكانی جیهانییەوە گرێ بدرێن، بۆ ئەوەی دەرگای هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دونیا بكەینەوە. ئێمە سەركەوتوو بووین لەوەی كە بتوانین بەرهەمی كشتوكاڵیی لە كوردستان بەرەو وڵاتانی كەنداو و هەندێك وڵاتی دیكەش بنێرین. ئەمە دەستپێكە، ئەمە وادەكات كە ئابووریی كوردستان بكەوێتە بوارێكەوە كە بابەتی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هێنانی بەرهەمی دەرەوە ڕێك بخرێت، ئێمە ناچار نەبین هەموو كاتێك میللەتێك بین تەنیا شتی خەڵك هاوردە بكەین و پارەی ئێمە بچێتە دەرەوە. ئەم جۆرە پرۆژانە كاتێك بەرهەمی ناوخۆیی دەنێریتە دەرەوە، زۆر هاریكار دەبێت بۆ ڕێكخستنی بابەتی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە كوردستان پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەیە. بۆیە من زۆر خۆشحاڵم كە یەك بە یەك ئەم پرۆژانە جێبەجێ دەبن، کە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پێشخستنی ئابوورییەكی بەهێز بۆ كوردستان دەبێت.
هەروەك زۆر خۆشحاڵم كە بینیم لێرە ڕووبەرێكی زۆر كراوە بە دار و سەوزایی، ئەویش بۆ بابەتی ژینگەپارێزی كارێكی زۆر باشە، ئەو پۆندەی ئێوەش دروستتان كردووە بۆ كۆكردنەوەی ئاو، ئەویش هاریكارێكی زۆرە بۆ ئەوەی ئێمە باشتر سوود لەو نیعمەتانە وەربگرین كە خوا پێی داوین و نەهێڵین بەفیڕۆ بچێت. ئەو سەوزاییە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر هەوا و بۆ ئەو ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتانەی لەم جێیانە دەژین. بێگومان بابەتی ژینگەپارێزی بۆ ئێمە پێویستە ببێتە كەلتوور، هەر پرۆژەیەك ئێمە دروستی بكەین، ئەگەر مەجالی تێدا بێت ڕووبەرێكی ئەو پرۆژانە بكەینە سەوزایی و بكەینە شیناتی و داروباری لێ بچینین، بێگومان هاریكار دەبین.
من وای دەبینم كە ئەم پرۆژانە كە دروست دەكرێن، یەك پرۆژە نین، بەڵکو هاریكار دەبێت بۆ ئەوەی چەندین پرۆژەی دیكەش پێیەوە گرێ بدرێن، ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووریی كوردستان بەرەو پێش بچێت.
جارێكی دیكە دەستخۆشی لە كۆمپانیای (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ دروستكردنی (كاڤین فارم)، بەڕاستی جێی شانازییە، هەر سەركەوتوو بن و هیوادارم بەرهەمەكانتان لە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان دا بێت، كوردستانیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئاوەدان بێت.