Skip to the content

سەرۆکی حکومەت بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و پارکێکی لە قەزای عەنکاوە دانا

سەرۆکی حکومەت :
هەموو ئەوانە قەرەبوو دەکەینەوە کە زەوییەکانیان بەر سەربازگەی ڕژێمی پێشووی عێراق و فڕۆکەخانە هەولێر کەوتوون

 

ئەمڕۆ دووشەممە 10/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە قەزای عەنکاوە، بەردی بناخەی هەردوو پڕۆژەی ( بێث حدیاب) بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی عەنکاوە و دروستکردنی پارکی گەنناثا دبابل)ی دانا.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە سەربەزین لە وڵاتێکدا دەژین وڵاتی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەیە و مایەی شانازیمانە عەنکاوەش شاری بەیەکەوەژیان و ئاشتی و برایەتییە.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، بڕیاری بە قەزابوونی عەنکاوەمان دا ، ئێستا عەنکاوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندن و گەورە بووندایە و بووەتە نموونەیەکی هەرە دیاری بەیەکەوەژیان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکێکی زۆر لە کریستیانەکان بە هۆکاری جیاواز و بە ناچاری لە بەغدا و دەشتی نەینەوا و سووریا ، ڕوویان لە عەنکاوە کردووە و ئێرە بووەتە شوێن و پەناگەیەک بۆ کریستیانەکان لەم دەڤەرە . ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی کریستیانەکان لە شوێنەکانی تر کەم دەبێتەوە بەڵام دەبینین لە عەنکاوە، ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵانە ، ژمارەی کریستیانەکان لە زياتر و بەرفراوانتر دەبێت چونکە هەست دەکەن ئێرە شوێنێکی ئارامە و ماڵی خۆیانە .لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی دەیانەوێ بە ئارەزوو و خواستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دوو پڕۆژەی گرنگ لە عەنکاوە بەردی بناخەیان بۆ دادەنرێت کە یەکێکیان دروستکردنی 720 یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکی کریستیانی عەنکاوە ، ئەوانەی کە کرێنشینن و هەژار و کەمدرامەتن . ئەم یەکانەش بە نرخێکی زۆر گونجا و و بە قیستی درێژخایەن پێیان دەدرێت.
پڕۆژەی دووەمیش دروستکردنی پارکێکە لە عەنکاوە کە دەبێتە یەکێک لە پارکە گەورەکانی عەنکاوە کە لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. کە لە چەندین بەشی گرنگ پێک دێت ، وەک شوێنی یاری منداڵان، شوێنی وەرزشکردن ، شوێنی پارکی ئۆتۆمبێل و نافورە و، ئەمە جیا لەوەی ڕووبەرێکی زۆر لە پارکەکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە و بە تەواوبوونی، دەبێتە شوێنێکی گرنگ و دیار بۆ پشوودان لە عەنکاوە .
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت موژدیەکی بۆ دانیشتووانی شاری عەنکاوە ڕاگەیاند ئەویش ئەو کێشە و گرفتانەی کە چەند ساڵێکە بە هۆکاری جیاواز بە هۆی ئەوەی زەوییەکانیان بەر سەربازگەی پێشووی ڕژێمی عێراق و فڕۆکەخانە کەوتوون و هەموو ئەوانەی زیانیان پێ کەوتووە ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێکهێنرا، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.