Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: دەمانەوێ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بگەیەنینە هەموو گوند و دێهات و شارۆچکەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی بیست ویەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پڕۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە هاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن و بەرنامەی حکومەتیش ئەوە بووە کە گرنگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکوو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە هەموو گوند و دێهات و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی ئامانجێکی دیکەی حکومەت پێشخستنی باری ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکوو دروستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داهاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داهاتی گشتیش زیاتر دەبێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەڤەری بارزان، دەڤەرێکی ستراتیژییە و مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە سەد و بیست ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسهێناوە. بۆیە دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە. لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام هەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا ، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە . هیوادارم دوژمنان هیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و هیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن. ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن، کوردستان و بارزان هەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو گوند و دێهاتەکانی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت لە کۆتاییدا گوتی: ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەرە، کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا. سوپاس بۆ خوا و پشتیوانی میللەتەکەمان، پلانی نەیاران و دوژمنان سەری نەگرت کە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن. بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییان لە کوردستان کرد و نەیانهێشت پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت. ئەوەی گرنگە، خەڵکی ئێمە ئەم خیانەتە مەزنە لە بیر نەکەن و دەبێ بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان، سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن بۆ ئەوەی چیتر خیانەت بەردەوام نەبێت.