Skip to the content

سه‌رۆكی حکومەت له‌گه‌ڵ پارێزگار و بەرپرسە كارگێڕيىەکانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 10/10، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، سەردانی‌ ته‌لارى پارێزگای هەولێری کرد و له‌گه‌ڵ پارێزگار و جێگرانی پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى هه‌ولێر و سنوورى پارێزگا كۆبووه‌وه‌.

له‌ دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، کورتەیەکی له‌بارەی کار و چالاکی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر خستەڕوو کە بە پاڵپشتى و پشتیوانيى ڕاستەوخۆى سەرۆکى حکومەت جێبەجێ کراون.

پاشان سەرۆکی حکومەت تیشکى خستە سەر گرنگیی پێگە و تایبمەندیی شاری هەولێر، وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و پلانى حکومەت بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنانى هەرێمى کوردستان بە گشتى و هەولێری پایتەخت بە تایبەتى.

سەرۆکی حکومەت وێڕای ده‌ستخۆشى له‌ پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانی يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى پارێزگا بۆ ڕاپه‌ڕاندنى كار و ئه‌ركه‌كانيان، جه‌ختى له به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی باشتر و بەبێ هیچ جیاوازییەک، خزمه‌تی هاووڵاتييان بکەن.