Skip to the content

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی له‌ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 10/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی له‌ شاندێکی ئەڵمانی، بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار سیمتیێ میولەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کرد.
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی ئەڵمانیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، هەروەها پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ بڕیاری حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.
دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.