Skip to the content

سەرۆکی حکومەت بەنداوی بەستۆڕەی کردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 10/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بەنداوی بەستۆڕەی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە، کە بە هاوکاریی گرووپی کۆمپانیاکانی کار دروست کراوە.

دوای کردنەوەی بەنداوەکە، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی پرۆژەکە دەربڕی کە پێش ساڵێک بەردی بناخەکەی دانرا. هەروەها سوپاسی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کاری کرد بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لە کاتی خۆی کە لە ماوەی ساڵێکدا و لەلایەن ئەندازیاران و پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ جێبەجێ کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە دروستکردنی ئەم بەنداوانە، بەشێکە لە ستراتیژی حکومەت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو. سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە ئەم جۆرە بەنداوانە، کاریگەریی هەمەلایەنەیان لەسەر پێشخستنی ئابووریی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبێت. چ لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە یان دابینکردنی وزە و سامانی ماسی و باشترکردنی دۆخی ئاوی ژێرزەوی و گۆڕانکاری کەشوهەوا.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی لە نزیک شوێنی بەنداوی بەستۆڕە، لە سەردەمی سەنحاریبەوە بەنداوی لێ دروستکراوە و ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بردراوە. بۆیە شوێنێکی گرنگی مێژووییشە و دەکرێ بۆ گەشتیاری سەردانی بکرێت.
سەرۆکی حکومەت داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە هاوکاری حکومەت بن لە پاراستنی ئەو پرۆژانەی دروست دەکرێن و هەروەها ژینگەش بپارێزن و دەستکاری نەکەن.