سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی10/11، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان سێث مۆڵتن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆنگرێسمان مۆڵتن، ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوکاریی ئەمەریکای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.