Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول

ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر.

یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان.

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/9/11