Skip to the content

سەرۆکی حکومەت؛ پابەندین بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوە چوو. 
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا جەختی کردەوە کە پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت :

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
(صپروخون هاوێ بريخا)

خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كلتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بە تایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئایینیی و هەموو كلتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەم.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە.
ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن.
کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە.
من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا مزگەوت و کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كلتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کولتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.
لەم دواییانەش کە هەوڵدرا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.
هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کولتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.
زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت.