سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن دەکات

ئەمڕۆ شەممە 4/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد سەفەدی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی ئوردن کرد.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرد و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کردەوە و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی شانشینی ئوردن و شا عەبدوڵلای دووەم دووپات کردەوە.
چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و دارایی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەروەها دۆخی گشتیی ناوچەکە و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.