Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.