Skip to the content

سەرۆکی حکومەت؛ حكومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی دووپات دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی عێراق و کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و کولتوورییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو .
سەرۆکی حکومەت گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقی گوتارەکەیە؛

خانمانی هێژا، برایانی بەڕێز
سەرکردە باوەڕدارەکان
هاوڕێ بەڕێزەکانم لە پەرلەمان و حکوومەت
ئەندامە بەڕێزەکانی نێردە و شاندە دیپلۆماسییەکان

میوانانی هێژا
ئێوارەتان باش و بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم بۆ گەڕی سەرلەبەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان.
بەخێر بێن بۆ کوردستان، بەخێر بێن بۆ ئەو خاکەی بانگی نوێژ، زەنگی کڵێساکان و ئەو سروودە ئارامانەی لە پەرستگە دێرینەكانەوە سەرچاوە دەگرن، چەندین سەدەیە تیایدا دەنگیان داوەتەوە...

مایەی شانازییەکی مەزن و خۆشحاڵیی زۆرە كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئایینیەکان، نوێنەری پێكهاتەكان، دیپلۆماتكاران و پێڕەوكارانی ئایینە جیاوازەکان، لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا وەستاوم... ئامادەبوونی ئێوە، ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ڕۆحی کوردستانە، كوردستانی خاکی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خۆڕاگری.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کولتوور و ئایین و نەتەوەکان بووە. دەشت و دۆڵ و چیاکانی خاکەکەمان گەواهیدەری سەرهەڵدان و بەیەکەوەژیانی چەندان باوەڕی جیاواز و نەتەوە و پێكهاتە و گرووپی مرۆیی جیاواز بووە. لێرە، لەم خاكەدا بیروباوەڕەکان بە فۆرمە تایبەت و جیاوازەکانی خۆیان گەشەیان کردووە. خەڵک لەسەر ئەم خاكە لە پاشخانی نەتەوەیی جیاوازەوە، شان بە شانی یەکدی، به‌ ڕێز و شکۆوە پێكەوە ژیاون.

لە مێژووی نزیکماندا، گەلەکەمان بەبێ جیاکاریی نەتەوەیی، یاخود ئایینی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، ڕژێمی زۆرداری سەدام حوسێن، لە ئەشكەنجەدان و چەوساندنەوەدا، هیچ جیاکارییەكی نەکرد لەنێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کلدانییەکاندا، وەک چۆن جیاوازیی لە چەوساندنەوەی موسڵمان، کریستان و ئێزدییەکانیشدا نەدەکرد. لە هەڵمەتە پڕتوندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکانیدا، هەوڵی پاكتاوكردن و سڕینەوەی ناسنامە و بێدەنگکردنی ئەوانەی دەدا کە دژی ڕژێمەکەی بوون.

نزیکتر لەو مێژووە، جارێکی دیکەش داعشی تیرۆریست و دڕندە، پێكهاتەكانی ئەم گەلەی بەبێ جیاوازی کردە ئامانج. کڵێساکانی سووتاند، پەرستگەی ئێزدییەکانی خاپوور کرد و خوێنی خەڵكی بێتاوانی ڕشت.

بەڵام سەرباری هەموو ئەو رووداوانە، لەو ڕۆژگارە سەخت و ڕەشانەدا، ڕۆحی کوردستان و خەڵکەکەی چۆکیان دانەدا. پێشمەرگە قارەمانەکان، کوڕ و کچەکانمان بۆ بەرگریکردن لە هەموو پێكهاتەكان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، نەک تەنیا وەک سەربازی پێڕەوكارانی یەک باوەڕ و ئەندامانی یەك نەتەوە، بەڵکوو وەک پارێزەران و بەرگریكاران لە هەموو خەڵكی کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی، ڕابوون.
پێشمەرگە موسڵمانەکان، هاوشان ز لە یەك سەنگەردا لەگەڵ برا سەربازە ئێزدی و کریستیانەکان شەڕیان دژی داعش کرد، هەر یەکەیان ئامادە بوون ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە بانگی تێدا بدرێت، ئەم کڵێسایه‌ زەنگی تێدا لێ بدرێت، پەرستگەی ئێزدییەکان بە شکۆداری بمێننەوە و پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەكانی بە ئازادی و بەبێ ترس سەرلەنوێ سرووتەكانیان بەڕێوە بەرن و پەرستش بکەن.

ئەمڕۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەم ئەرکە پیرۆزەیەوە، ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان بونیات نانێینەوە، بەڵکوو پەیمانمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی ئاشتی لە هەموو سووچێکی خاکەکەمان.

شانازی بەوەوە دەکەین كە شاری عەنکاوە، لێرە لە هەولێر، تاکە شاری کریستیانشینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە گەورەبوون و فراوانبوون بەخۆیەوە دەبینێت و ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، چونكە ژمارەی دانیشتوانی عەنكاوە لە ساڵی 2011-ەوە تا ئێستا، بووەتە دوو هێندە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەیی و پێکەوەژیان. لە هەمان کاتدا، كار لە بونیاتنانەوەی شوێنە پیرۆزەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانماندا دەكەین، هاوکات پارێزگاری لە مزگەوت و کڵێسا و پەرستگەکانی تەواوی پێكهاتەكان دەکەین.

هاوشان لەگەڵ ئەم سێ باوەڕە سەرەکییەی ئاماژەم پێدان، کوردستان نیشتمانی زۆر لە ئایینەکانی دیکەیە، لەنێویشیاندا، کاکەیی، زەردەشتی، جوو و بەهائی. حکوومەتەکەمان كارایانە و چالاکانە کار دەکات بۆ بونیاتنانی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگەی زیاتر، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە هەموو دانیشتوانمان مافی بەڕێوەبردنی سرووتەكانیان و بەجێگەیاندنی ئەركە ئایینیەكانیان، بە ئاشکرا و بە سەلامەتی، پارێزراوە.

بواری پەروەردەش بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتوویەکی تەبا و هاوسەنگ دەگێڕێت، بۆیە چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانماندا دەکەین بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی هەمەچەشنی و گشتگیریی کوردستان بێت. منداڵەکانمان تەنیا فێری نەریتەکانی خۆیان ناکەین، بەڵکوو نەریتی دراوسێکانیشیان فێر دەکەین بۆ ئەوەی کاتێک گەورە بوون، ڕێز لە یەکدی بگرن و بەیەکەوە ئاهەنگ بگێڕن.

لە پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکاننماندا، پێڕەوكارانی بیروباوەڕە ئایینییە جیاوازەكان و پێكهاتە و نەتەوەکان، نوێنەرایەتییان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. ئەم فرەکولتوورییە ئالنگارییەک نییە، بەڵکوو بەهێزییەکە لە بونیاتنانی کوردستانێکی پڕ ئاشتی، دیموکراتی و گەشەسەندوودا پشتمان پێی بەستووە.

دیدگای ئێمە بۆ کوردستان ڕوونە: هەرێمێک تێیدا پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕەكان و پێكهاتە و نەتەوەکان بە سەربەستی بژین تیایدا، پێكەوە هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و لە ئایندەی هاوبەشماندا هیوا بدۆزینەوە. پێویستە وەک بناغەی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران، خۆڕاگر و لێبوردە، جیاوازییەکانمان ببینین نەک جیاکارییەکان.

بۆ هەموومان جێگەی شانازی بوو کاتێک 2011 پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری کرد و کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری ساز کرد، تێیدا هەزاران کەس بەشدارییان کرد. لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و لە ڕۆما، درکم بە پابەندبوونی ئەو بە ئاشتی و لێکگەیشتن کرد. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی بەڕێزیان و نزا دەکەین میراتییەكەی هانی یەکڕیزی بدات لەنێوان هەموو گەلانی جیهاندا.

هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەوە، بە باوەڕداری و نیازباشی یەکمان گرتووە، بەیەکەوە نزا دەکەین.
نزا بۆ ئەو بێتاوانانە دەکەین كە هێشتا گێرۆدەی ئازارن.
نزا بۆ ئەوانه‌ دەکەین كە بەهۆی باوەڕیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و پەلامار دراون، بەڵام هەرگیز لەناو نەچوون.
نزا بۆ ڕۆحی شەهیدانمان دەکەین.
لە یەك كاتدا نزا بۆ کوردستان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانێک دەکەین كە تێیدا پێویست نەکات هیچ کەسێک بەهۆی بیروباوەڕیەوە، یان بەهۆی ئەو زمانەیەوە كە پێی دەدوێت، یان ئەو خاك و نیشتمان و وڵاتەی لە دڵیدا هەڵیگرتووە، گیرۆدە بێت.
هیواخوازین گەڕی سەرلەبەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان ببێتە نەریتێک، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەهێزتر بکات و ببێتە رۆشناییەكی هاوبەش و یەكگرتوو بۆ نەوەکانی داهاتوو...
زۆر سوپاس