Skip to the content

سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دەکەنەوە

*هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

* وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.

 

ئەمڕۆ هەینی 4/11، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد. وێڕای تاووتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.