پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بیستەمین ساڵیادی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم و هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەروەها دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامیان لەپێناو یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا و بەبێ هیچ جیاوازیکردنێک، خزمەتێکی شایستە و بەرچاو پێشکەشی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماوان دەکات نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەروبەر و جیهانیش.
ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو خێرخواز و بەخشەر و هەموو ئەو لایەن و ئاژانس و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە هەیە، کە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و کار و چالاکی و پرۆژەی هاوبەش ئەنجام دەدەن.
ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆز بێت و هیوادارام هەمیشە نموونەیەکی گەشی کاری مرۆیی و خێرخوازی بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/8/4