Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان

لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.

لە یادی ئەم کارەساتەدا ، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.

حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان.

لەم یادە خەمگینەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت.

لە ساڵیادی جێنۆسایدی شنگالدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/8/3