Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یۆنان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/3، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆرجیۆس ئەلەمانۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

لە دیدارەکەدا کە نیکۆلۆس ستێرگیولاس کونسولی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوولا، سوپاسی باڵیۆزیشی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

باڵیۆزی یۆنان ستایشیی کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشیشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و چاکسازییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.