ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیيانەکان کراوە. ئەم کردەوەیە، بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگهکانی حکومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان. هەروەها گۆڕستانەکەش، لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.
کریستیيانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بووە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێک بدات.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4