سهرۆكی حکومەت پێشوازی له شاندێکی ژاپۆنی دەکات
ئهمڕۆ سێشهممه 12/2، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد بە سەرۆکایەتيی ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئهكيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئامادەی بوون، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە.
شاندی ژاپۆنی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد و هاوسۆزيی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. شاندەکە هەروەها ستایشی ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمیان کرد و ئامادەیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرد و سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی حکومەتی ژاپۆنی کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێ کرا. شاندەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیان لە سەرۆکی حکومەت کرد.