Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا کە ئەندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێم تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی باڵیۆزی کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.