Skip to the content

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/15 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان،پێشوازی له‌ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ريكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرا.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ، جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندووە.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت.

دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.