سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 1/7، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.
لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.