Skip to the content

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەوڵەکانی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 7/13، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە، کە بەداخەوە، کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێوی و بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لەپێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.