سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات

* هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن و پێویستە لە زووترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە7/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.