سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، كونسولی گشتیی ئەمەریکای لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بە تایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.
کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.