سەرۆكی حكومەت: بە هیچ جۆرێك دەستبەرداریی هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان نابین

* سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری ئامادەییان بۆ ناردنی شاندێك بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەربڕیوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/25، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، تیشكی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەكانی دەستەبەركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
ئەمەی خوارەوە پوختەی لێدوان و وەڵامەکانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستانە.
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئەمڕۆ دوو بابەت هەیە كە ویستم بە كورتی باسیان بكەم و دواتر ئەگەر پرسیارتان هەبوو، وەڵامی پرسیارەكانیشتان بدەمەوە.
یەكەم بابەت ئەوەیە كە لە دوو هەفتەی رابردوو، هەموومان بینیمان كە شەڕێكی وێرانكەر و خوێناوی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران رووی دا كە مەترسیی ئەوە هەبوو پەرە بستێنێ و هەموو ناوچەكە بگرێتەوە. بەڵام دوای ئەوە بینیمان بە بەشداریی ئەمریكا و دەستپێشخەریی سەرۆك ترەمپ ئاگربەست راگەیاندرا و شەڕەكە راگیرا، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەكەیە و هیوادارین كە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەكە.
ئێمە هەموو هەوڵێكمان دا وەك هەرێمی كوردستان كە بەدوور بین لەم شەڕ و ئاژاوەیە. جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیران سوودانیش بكەم كە ئەویش هەوڵی دا عێراق لەم شەڕەوە نەگلێت. هەروەها سوپاسی بەڕێز وەزیری دەرەوەی عێراقیش بكەم كە ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی بۆ بەدوورخستنەوەی عێراق لەم شەڕ و ئاژاوانەدا. هیوادارم كە شەڕ بەرەو كۆتایی بڕوا و گفتوگۆ ببێ بە جێگرەوەی شەڕ و پێكدادان و ناوچەكەی ئێمە لە جیاتیی شەڕ و گرژی، بەرەو ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری هەنگاو بنێت.
بابەتی دووەم بابەتی پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵییە، بە تایبەتیی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە خاڵێكی گرنگە و دەمەوێ لێرە بە ناوی خۆم و بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی گەرمی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەتی مووچەخۆران بكەم كە بەڕاستی زۆر زۆر پشوودرێژ بوون، زۆر تەحەمولیان كرد، خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەوەی كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو مووچەكانیان بە شێوەیەكی نایاسایی نەدراوە و ئەمە كارێكی نادەستوورییە و پێمانوایە كە مووچەخۆرانی هەرێم هەر لە سەرەتاوە دەبوایە تێكەڵی هیچ جۆرە كێشە و گرژییەك نەبن و ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم لەسەر بابەتێك كێشەیەك هەیە، نابێت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵی ئەم شتانە ببێت.
بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، من دڵنیام كە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا و دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە هێزی ئێمە لە پشتیوانیی خەڵكی كوردستانەوەیە و هەر پشتیوانیی ئەم خەڵكە بووە، متمانەی خەڵكەكە بووە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وای كردووە ئێمەش بەردەوام بین لە دەستەبەركردنی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان.
بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین، لەو ماوەیەی رابردووش، رۆژ نەبووە كە خەریك نەبووبین بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانانە، لەگەڵ بەغداش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دوێنێ شەو خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریش قسەم كردووە و لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانیش قسەم كردووە كە ئێمە بەرەو چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە رایانگەیاند كە ئامادەن لە ماوەیەكی زۆر زۆر نزیك لەم یەك دوو رۆژەدا، شاندێك بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بكەونە گفتوگۆی راستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەركردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دەمەوێ خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەمەوە كە ژیان و مردنی ئێمە بەیەكەوەیە، ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمدا بێ، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێ، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كە بتوانین دەستەبەری هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. هیوادارم لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا و لەم چەند ڕۆژە بگەینە ئەنجامێكی زۆر ئەرێنی و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بكرێ. بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە لەوەی هەرچی لە توانادا بێ، لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەبێت.
پ: دەبوایە هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، بۆچی جێبەجێ نەكراوە؟ ئەو نەوتەی رۆژانە لە دەروازەكان دەفرۆشرێ، داهاتەكەی چەندە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەوەی راستی بێ، لە ئەنجامی سكاڵایەكی حكوومەتی فیدڕاڵی لە دژی توركیا لە دادگایەكی پاریس، بوو بە هۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە ساڵی 2023، لەوكاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە كە لە ئەنجامدا ئەم زیانە بۆ حكوومەتی عێراقیش دەگەڕێتەوە، چونكە حكوومەتی عێراق قەرەبووی خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی نەكردۆتەوە لەسەر ئەو زیانە. لەبەر ئەوەی نەوتەكە هەناردە نەدەكرا، زۆر لەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمهێنەری نەوت بوون، نەیانتوانی لە ئاستی پێویستدا لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بەردەوام بن، بۆیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زۆر كەمی كرد. دوای ئەوەش كە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دراوە لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەبێ پابەند بێ بە هەناردەكردنی نەوت، هەندێكی كێشەی تەكنیكییە، ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆدابووین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، لەگەڵ وەزارەتی نەوت، كە ئەوان هاتوون و بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان قسەی پێویستیان لەسەر ئەوە كردووە كە هەرێمی كوردستان توانای چەندی هەیە.
لێرەدا دەمەوێ كێشەكە بە ڕاشكاوی باس بكەم، كێشەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتە كە ئەوان لێرەدا وەبەرهێنانیان كردووە و ئەوان بەشێكن لە كۆی هاوكێشەكە، كەواتە دەبێ رێككەوتنەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانیش بێت، هەم كۆمپانیاكان مافیان دەستەبەر بكرێ، هەم حكوومەتی فیدڕاڵی و هەم حكوومەتی هەرێم هەموویان تێیدا بەشدارن.
لەبەر ئەوە كەمهێنانی نەوت هۆكارەكەی ئەوە بووە كە حكوومەتی فیدڕاڵی ڕێگەی گرتووە و بۆتە هۆكاری دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت. جگە لەوە، ئەو بەرهەمەی كە لە ناوخۆدا بەرهەم دێت، ئەمە زیاتر بەشێكی هی كۆمپانیاكانە كە خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بە دەرهێنانی نەوت بدەن، دەكرێ و مافی خۆیانە بەپێی گرێبەستەكان كە بەشێك لە نەوتەكەیان بفرۆشن، لە بازاڕەكانی ناوخۆ ئەو نەوتە ساخ دەكرێتەوە و بەشێكی زۆریشی دەدرێ بەو پاڵاوگانەی كە بەنزین و پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكەن، هەروەها بۆ كارەباش. ئنجا بەشێكی زۆری ئەو نەوتە بەم جۆرە لەنێو خودی هەرێمی كوردستانەوە ساخ كراونەتەوە و بەكار هاتووە.
پ: لە ماوەی رابردوودا سەردانی ئەمەریكاتان كرد و دوو رێككەوتنی گرنگتان ئەنجام دا، دواتر مووچە لە لایەن عێراقەوە بڕدرا، ئایا ئەمە كاردانەوەی گرێبەستەكان بووە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە ئەو ڕێككەوتنانەی لە ئەمەریكا واژۆمان كرد، بە مافێكی یاسایی و دەستووریی هەرێمی كوردستانی دەزانین، چونكە پێشتر ئەم دوو ڕێككەوتنە لەگەڵ دوو كۆمپانیای تر هەبوون، بەڵام بەداخەوە ئەو دوو كۆمپانیایە نەیانتوانی گرێبەستەكانیان جێبەجێ بكەن، لەبەر ئەوە مافی هەرێمی كوردستان بوو دوای ئەوەی كێشەیەكی یاسایی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە هەبوو، هەردوو گرێبەستەكەیان گەڕاندەوە و دواتر بە دوو كۆمپانیای تر دران كە لە ئەنجامدا بینیتان لە واشنتۆن ئێمە واژۆی گرێبەستەكانمان كرد لەگەڵ ئەم دوو كۆمپانیا ئەمەریكییە. كەواتە گرێبەستەكان پێشتر هەبوون بەڵام لەگەڵ دوو كۆمپانیای تر بوون.
لە لایەكی تر، ئەم دوو كۆمپانیایەی كە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئیمزا كراوە، هەردووكیان زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كەواتە هیچ شتێكی نایاسایی نەبووە بۆ ئەوەی كە حكوومەتی فیدڕاڵی ئەمە بەكار بهێنێت بۆ بڕینی مووچە.
ئەوەی ڕاستی بێ من دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم، بەپێی قسەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان، دادگای فیدڕاڵی لە كاتێك تەداخولی بابەتی مووچەی هەرێمی كوردستانی كرد كە هەندێك لایەنی ناوخۆیی لێرە سكاڵایان كرد و داوایان لە حكوومەتی فیدڕاڵی كرد كە دەستێوەردان بكەن لە بابەتی مووچەی خەڵكی كوردستان و راستەوخۆ مووچەكان لە بەغداوە بۆ خەڵك بنێردرێ. ئەوەی مافی خەڵكی كوردستانە و ئەوەی مافی قەوارەی هەرێمی كوردستانە وەكوو قەوارەیەكی دەستووری، دەبێ هەرێمی كوردستان بودجەی هەبێت، نەك تەداخول لە بابەتی مووچە بكرێت. ئەمەش بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو سكاڵایەی كە هەندێك لایەن كردیان، ڕێگەیان خۆش كرد بۆ ئەوەی كە دادگای فیدڕاڵی بێت و دەستێوەردان بكات لەم بابەتە. هەر ئەمەش ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە ماوە بە ماوە مووچەكان دوادەخران یان نەنێردران و لە 2023 سێ مووچەی هەرێمی كوردستان نەنێردرا و لە 2024 دوو مووچە نەنێردرا، هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی خۆی ویستی بەشێك لەمە قەرەبوو بكاتەوە.
پ: خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی دادگای فیدڕاڵی چییە كە خەڵكی كوردستان چاوەڕێ بوون لەوێوە كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەمەی كە بەم دواییە ڕووی دا، دیارە هەندێك گرفتی یاسایی لە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای فیدڕاڵی خۆی هەبووە و بابەتی دەست لەكاركێشانەوەی ئەو بەڕێزانەی دادگای فیدڕاڵی، من حەز دەكەم پرسیار لەوان بكەن كە بۆچی ئەوان بە كۆمەڵ دەستیان لەكار كێشایەوە؟ ئێمە بەتەما بووین و چاوەڕێی ئەوەشمان دەكرد كە بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستان لە دادگا دەربچێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا دادگا خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، بۆیەش ئێستا ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین كە ئەنجوومەنی دادوەری ببێتە ڕێگەیەك كە چارەسەرێك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی بابەتی مووچە لە رووی یاساییەوە.
پ: ئایا ئەمە دوا هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە یاخود دەرگایەكی دیكەی گفتوگۆ هەیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ماف بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە؟ ئایا ئەو شاندەی دێن شاندی ئەنجوومەنی وەزیرانە یان شاندێكی تەكنیكییە؟ ئایا بژاردەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان چین لە كاتی گفتوگۆكان؟
سەرۆکی حکومەت:
لەسەر بابەتی یەكەم، بێگومان ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و قەت دەرگای گفتوگۆ داناخەین و ناڵێین ئەمە دوادەرفەتە و هەمیشە دەرگای گفتوگۆ بۆ ئێمە كراوەیە و ئامادەین بە گفتوگۆ هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین. هاتنی شاندەكە بێگومان لە ئاستێكی بەرزدا دەبێت و لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران قسەم كردووە و شاندێك دەبێت كە بێت لێرە بتوانێت بڕیار بدات، تەنیا شاندێكی تەكنیكی نابێت، بەڵكوو بەڵێنیان پێداوین بۆ ئەوەی بێن بڕیار بدەن بۆ گەیشتن بە بڕیارێكی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی خەڵكی كوردستان.
پ: سەبارەت بەو دۆخەی لە 12 رۆژی رابردوودا هەبوو، ئێوە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن توانیتان لەو رۆژە سەخت و دژوارەدا توانیتان خۆتان بپارێزن؟
سەرۆکی حکومەت:
سیاسەتی ئێمە سیاسەتێكی نەگۆڕە و ئێمە دژی شەڕ و توندوتیژین، دژی ئەوەین هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی هیچ لایەك دژی لایەكی تر بەكار بێت. ئێمە ڕێزمان لە هەموو دراوسێكانمان گرتووە و نایەڵین هەرێمی كوردستان ببێت بە مەترسی لەسەر هیچ یەكێك لە دراوسێكانمان، هەروەها بەرژەوەندییەكانی خۆشمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دۆست دەپارێزین، ئەم سیاسەتە وایكردووە كە بتوانین خۆمان بپارێزین و خەڵكی كوردستانیش لەم بەڵایە بەدوور بگرین.
پ: ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە ڕێككەوتن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ بە چ میكانیزمێك مووچە دابین بكات؟
مەسرور بارزانی: سەخت دەبێت، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە ئەمەش وایكرد كە داهاتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی كەم ببێت. كەمبوونی داهات جووڵەی بازرگانی و كەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبا و داهاتی نانەوتیش كەم دەكات لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە، بۆیە بێگومان سەخت دەبێ، بەڵام یەك خاڵ لێرەدا من دەمەوێ داكۆكی بكەم كە ئێمە بە هیچ جۆرێك واز لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بە هەموو شێوەیەكیش هەوڵ دەدەین ئەم مافە دەستەبەر بكرێت لە بەغداوە.
خاڵێكی تر هەیە من دەمەوێ زۆر بە ڕوونی باسی بكەم، بەغدا موڵكی تاكە لایەنێك نییە كە ئێمە بچین سواڵكەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ، ئێمە دەبێ هەموومان لەم وڵاتەدا یەكسان بین و خۆشمان بە خاوەنی دەسەڵات دەزانین و هەموو هەوڵێكیش دەبێ بدەین بۆ ئەوەی بگەین بە رێككەوتن كە ئێمە لێرەدا هاووڵاتیی یەكسان بین و هەموو مافەكانیشمان بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە دەستەبەر بكرێت، ئەگەر ئەوە نەبێت، كەواتە كێشەیەكی جددی لە جێبەجێكردنی دەستوور لە عێراقدا هەیە. بۆیە لەسەر ئەو خاڵە من دەمەوێ هاووڵاتیان دڵنیا بكەمەوە كە ئێمە لەسەر دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان لە حكوومەتی فیدڕاڵی بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجامیش، هەرچی پێمان دەكرێ لە هەرێمی كوردستان بە داهاتی ناوخۆ و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، بە هەر جۆرێك بێت، نایەڵین پەكی خەڵك بكەوێت، ئەگەریش نەتوانین لە كاتی خۆی یان وەك پێویست لەم سەردەمە و لەم وەختەدا هەموو مافەكانیان دەستەبەر بكەین، ئەوەی بەپێی توانامان بێت، بێگومان ئەوە دەكەین، من دەمەوێ لەمە %100 خەڵك دڵنیا بن.
پ: لەبارەی بابەتی نەوت، خاڵی ناكۆك چییە لەسەر ئەم پرسە، ئایا ئەگەر نەگەیشتنە ڕێككەوتن، هیچ ئەگەرێك هەیە كە هەرێمی كوردستان بتوانێ دووبارە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێتەوە؟
سەرۆکی حکومەت:
خاڵی ناكۆكییەكە ئەوەیە كە كۆمپانیا نەوتییەكان داوای دابینكردنی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە دەكەن، دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا جیاوازە. بەغدا زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ بابەتی چاككردنەوە و بەردەوامیپێدان و بابەتەكانی تر، تەنیا دەرهێنانی نەوت بە خەرجی حیساب دەكرێ كەچی 18 ملیار دۆلاری تریان هەیە كە ئەگەر زیاد بكرێت، خەرجییەكان زۆر دەبن. لە هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بابەتە، دەرهێنانی نەوت، بابەتی قەرزەكان، بابەتی گواستنەوەی نەوت، بابەتی مافی كۆمپانیاكانە بەپێی گرێبەست كە خۆی بەشی هەیە لەوەی كە سوود وەربگرێت لە دەرهێنانی نەوتەكە، هەموو ئەوانە ئەگەر تێكەڵ بكەی، جگە لەوەش شێوازی بیرەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان جیاوازن لەوانەی لە عێراق هەن، هەم جۆری نەوتەكەی ئێمەش جیاوازە، كەواتە خەرجیی هەرێمی كوردستان زۆر زۆر زیاترە لە خەرجیی حكوومەتی فیدڕاڵی لە بیرە نەوتییەكانی تر. ئەوان دەڵێن با بە شێوەیەكی دادپەروەرانە خەرجییە راستەقینەكەمان بۆ دابین بكەن، ئەو وەختە ئێمە ئامادەین نەوتەكە دەربهێنین، داوای گەرەنتی دەكەن. ئەو گەرەنتییە پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ كۆمپانیاكانی دابین بكات. ئێمە قۆناغی زۆرمان بڕیوە و گەیشتووینەتە زۆر لە چارەسەرییەكان، یەك دوو خاڵ مابوو لەوەی كە پێی دەڵێن شێوازی كۆمپانیای سێیەم كە بێت پێداچوونەوە بكات، لەسەر ئەمە خاڵێكی ناكۆكی هەیە لە نێوان حكوومەتی فیدڕالی و كۆمپانیاكان، دیسان داوا دەكەین ئەم خاڵە چارەسەر بكرێت، چونكە بە لای ئێمەوە گرێبەستی ئەم كۆمپانیایانە گرنگن و داكۆكیشمان كردووە و داكۆكیش دەكەین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی كە دەبێ مافەكانی ئەو كۆمپانیایانە پارێزراو بێ و حكوومەتی هەرێم پابەندە بە گرێبەستەكانی خۆی.
پ: ژمارەیەك لە خانەنشینان پێنج بۆ شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، چارەسەر چییە بۆ ئەم بابەتە؟
سەرۆکی حکومەت:
خانەنشینان مافی خۆیانە،من سوپاسیان دەكەم و سوپاسی پشوودرێژییان دەكەم. مافی خۆیانە و دڵنیا بن مافەكانیان نافەوتێ، ئیشەڵا لە كاتێكی نزیكدا هەموو ئەو مووچانەی كە پێشیان نەدراوە بۆیان ئینشائەڵا تەرخان دەكەین و پێیان دەدرێ.
پ: پەیوەست بە مووچەی مانگی پێنج، هەرێمی كوردستان مووچەی ئەو مانگە بە داهاتی ناوخۆ خەرج دەكات؟ ئەگەر لەگەڵ ئەو شاندەی دێن ڕێكنەكەوتن، بژارەكانی هەرێمی كوردستان چین؟
سەرۆکی حکومەت:
بەداخەوە هەروەك باسم كرد، هۆكارەكانی ئەو فشارە ئابوورییەی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە، لە راگرتنی هەناردەی نەوت و لە بابەتی گومرگ و لە زۆر رووەوە فشارێكی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان كە لە رووی ئابوورییەوە نەتوانێ لە ئاستی ئەوەی كە ئێمە تمووحمان هەبوو، بووژانەوەی تێدا بكرێ و پێش بكەوین. لەبەر ئەوە ئاستی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشی ئەوە ناكات كە ئێمە هەموو پێداویستییەكانی خۆمانی پێ جێبەجێ بكەین. بابەتی مووچەیە و بەڕێوەبردنی حكوومەتە و بابەتی پرۆژەكانە و نەسرییەیە و زۆر لەو شتانە هەن كە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هەڵسووكەوتەی پێشتری حكوومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، توانای ئابووری لە هەرێمی كوردستان وەكوو پێویست نەبووە. بۆیە ئێمە بێگومان ناتوانین بڵێین كە بە شێوەیەكی تەواو دەتوانین هەموو پابەندییەكانی خۆمان بەرامبەر بە هاووڵاتیان جێبەجێ بكەین،بەڵام ئەوەی ئێمە لە تواناماندا بێت دەیكەین. ئنجا هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵەی كە بڵێین بێئومێدین لەگەڵ بەغدا، من بێئومێد نیم و زۆر ئومێدەوارم كە بتوانین لەم دوو سێ رۆژەی داهاتوو ئینشائەڵا بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان.
پ: چ ڕێگرییەك هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان دووبارە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكاتەوە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەگەر ئێوە سەیری بڕیاری دادگای پاریستان كردبێت، دەڵێ كە هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بتوانێ لە جیهان نەوتەكە بار بكات. پێنج سكاڵا هەبووە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە لە توركیا، لە پێنجیان تەنیا یەكێكی بردووەتەوە و چوارەكەی تری دۆڕاندووە. ئێستا كە بابەتی ئێمە ئەوەیە خاڵی كۆتایی كە ئێمە بتوانین نەوتەكە بۆ بازاڕی جیهانی بنێرین بەبێ ئەوەی كە لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتن و لەگەڵ سۆمۆ، بڕیارەكە لەوێ ئێمەی وەستاندووە. بەڵام ئێمە پێشتریش رەزامەندیمان دەربڕیوە كە سۆمۆ وەك كۆمپانیایەك بێ بەشدار بێ لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان. ئێمە مەرجێكمان هەبوو كە دەبێ جێگری سەرۆكی سۆمۆ كورد بێ و ئەو مەرجەیان قەبووڵ كردووە و ئێستا بەڕێزێكی كورد جێگری سەرۆكی سۆمۆیە.
پ: ئایا بابەتی کێشەی تەوتین لە بانكە عێراقییەكاندا بە کوێ گەیشت؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان كردووە بە بابەتی ئەوەی كە بەغدا پێی دەڵێ تەوتین و ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێی دەڵێین (هەژماری من). ئەمە بۆ ئەوەیە كە هەموو هاووڵاتییەك بە تایبەتیی فەرمانبەران ببن بە خاوەنی هەژماری بانكیی خۆیان. ئەوەی جیاوازە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراقی فیدڕاڵ ئەوەیە كە هەژماری من پرۆژەیەكە هەموو مافە بانكییەكانی بۆ هاووڵاتی دەستەبەر كردووە. كەواتە تەنیا ئەوە نییە كە بانك ببێتە رێگەخۆشكەر بۆ پێدانی مووچە، واتە تەنیا ئامرازی گواستنەوە نییە و تەنیا مووچە بدات، بەڵكوو هەموو هاووڵاتییەكی هەرێم كە بەشدارە لە پرۆژەی هەژماری من، سوودمەندە لە هەموو خزمەتگوزارییەكی بانكی. هەرچیی خزمەتگوزاریی بانكییە دەتوانن تێیدا سوودمەند بن، ئەم پرۆژەیە زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچێ، ئێستا ئێمە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان داخیل كراون لە پرۆژەی هەژماری من، هەولێر و دهۆك تەواو بووە، سلێمانی تۆزێك درەنگ دەستی پێكرد، بەڵام ئێستا زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچێ و ئومێدەوارین لە وەختێكی زۆر نزیكدا ئەویش تەواو ببێ. كەواتە بابەتی تەوتین لە هەرێمی كوردستان لەمێژە دەستی پێكردووە و ئێمە بەردەوامین و پێمانوایە ئەمە ڕێگەیەكی باشە نەك تەنیا بۆ دابینكردنی مووچە، بەڵكوو بۆ بووژانەوەی ئابووری و دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتاڵكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان، هیوادارین هەموو عێراقیش چاو لە هەرێمی كوردستان بكات. هەموو ئەو بانكانەش لە رێگەی بانكی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون، كەواتە هیچ بانكێك كە رێگەپێدراو نەبێت، نەمانهێشتووە بێنە نێو پرۆژەكەوە، هەموو بانكەكان ڕێگەپێدراون و ئەو بانكانەن كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
پ: هەندێك داواكاری باس دەكرێت، یەكێك لەوانە هەمواركردنەوەی دەستوور و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە، هیچ هێڵێكی سوور لەمبارەیەوە هەیە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە بە هیچ جۆرێك ئامادە نین واز لە هیچ یەكێك لەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی كوردستان بهێنین كە لە دەستووردا هاتووە. ئەگەر یەكێكیش داوای ئەوە بكات كە دەستوور هەموار بكرێتەوە، بێگومان ئێمە داوای زیاتر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین نەك كەمتر، ئێمە بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكەین ئەو مافەی كە دەستەبەر كراوە لە دەستووردا بۆ هەرێمی كوردستان، كەم بكرێتەوە.
پ: هەشت مانگە هەڵبژاردن كراوە و حكوومەت پێك نەهاتووە، بەربەستەكان چین؟
سەرۆکی حکومەت:
بەداخەوە، ئێمە لە سەرەتاوە، خۆم شەخسی زۆر هەوڵم دا كە لە ماوەیەكی زۆر نزیك ئێمە بتوانین حكوومەتەكە پێك بهێنین. ئەوەی راستی بێت ئێمە ویستوومانە كە حكوومەتێك پێك بێت بەبێ ئەوەی كێشەی تێدا دروست بێت، یانی تەنیا ئێمە پەنا نەبەینە بەر زۆرینە یان حكوومەتی زۆرینە، هەرچەندە لە تواناماندا بووە و ئێستاش لە تواناماندایە كە حكوومەتێكی زۆرینە پێك بهێنین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت كە هاوبەشەكانمان و لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان هاوبەش بن لە پێكهێنانی حكوومەت بۆ ئەوەی ئێمە دوور بین لە هەموو كێشە و گرژییەك.
دیارە لێرەدا هەندێك بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر پۆستەكان، ئەگینا لەسەر ئەجێندای حكوومەت ئێمە گەیشتووینەتە ڕێككەوتن، بە تایبەتی كە من باسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم كە ڕوئیایەكی هاوبەشمان هەیە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی حكوومەت لە ماوەی داهاتوو. ئێستا خەریكی گفتوگۆن لەسەر ئەوەی كە پۆستەكان بە چ شێوەیەك دابەش بكرێت، هەرچەندە زۆری پێ چووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بۆشایی یاسایی دروست نەبووە و ئێمە بەردەوامین لە راپەڕاندنی ئەركەكانی خۆمان و لە خزمەتی خەڵكی خۆمانداین.
پ: حكوومەتی فیدڕاڵی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە داهاتی نانەوتی بە تەواوەتی رادەستی بەغدا ناكات، قسەی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەوانە هیچیان هۆكار نین، هۆكارەكە ئەو سكاڵایانەن كە هەندێك لایەنی ناوخۆ داوایان كرد حكوومەتی فیدڕاڵی دەستوەردان لە بابەتی مووچەی هاووڵاتیان بكات، ئەمە هۆكاری سەرەكییە و ئەوەی تر هەمووی بیانووە. داهاتی نانەوتی لە هەرێمی كوردستان مانگ بۆ مانگ جیاوازە. تۆ ئەگەر جووڵەی بازرگانیت باش بێ، داهاتی نەوتیت هەبێ و مووچە مانگانە بدرێ، بێگومان داهاتی نانەوتی زیاد دەكات، مانگ بۆ مانگ وەك یەك نییە. بەڵام ئەمە دوو مانگە نەوت نەدراوە، لە ٢٠٢٣وە تا ئێستا نەوت نانێردرێ، كەواتە داهاتی نانەوتی چۆن زیاد بكات؟
لێرەدا خاڵێكی دەستووری هەیە، دەستوور ناڵێ هەموو داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بكرێ، دەڵێ 50٪ی داهاتی فیدڕاڵی رادەستی بەغدا بكرێ. حكوومەتی هەرێم پابەند بووە بە جێبەجێكردنی ئەركەكەی خۆی و ئەو پابەندییەی لەسەری بووە، هەمیشە داهاتەكەی خۆی داوەتە بەغدا، جگە لەو كاتانەی كە مووچە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان پەنای بردۆتە بەر داهاتی ناوخۆیی بۆ دابینكردنی ئەو بڕە مووچەیەی كە خەڵك پێویستییان پێیەتی بۆ تەكمیلكردنی ئەو بڕە مووچەیەی كە خەڵك هەیەتی. كەواتە بە هیچ جۆرێك ئەمە هۆكار نییە.
پ: هەرێمی كوردستان چ زەرەر و زیانێكی لە رووی دارایی و ئابووری كردووە بەهۆی شەڕی 12 رۆژە؟
سەرۆکی حکومەت:
لە خوا بەزیاد بێ هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، ئەمە لە هەموو شتێك گرنگترە، بەڵام زیانی ئابووری هەبووە. داخستنی فڕۆكەخانەكان وایكردووە كە خەڵك زیانیان پێ بكەوێت و زەحمەتیان بەركەوتووە، زۆر لە حاجیان نەیانتوانی وەك پێویست بگەڕێنەوە و ناچار بوون بە ڕێگەی وشكانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان. ئەمە كاریشی كردۆتە سەر جووڵەی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەكان كە ئەمانە هەمووی زیانی ماددی بوون، لە ئەنجامی شەڕێكی نەخوازراو كە ئێمە ئەسڵەن بەشێك نین لەمە، بەر خەڵكی كوردستان كەوتووە، بەڵام لە خوا بەزیاد بێ هیچ زیانێكی گیانی نەبووە بە تایبەتی كەوتنەخوارەوەی درۆن و پاشماوەی مووشەكەكان.
پ: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە فەرمانبەران بە كوێ گەیشتووە؟ هەندێك لە جووتیاران گلەییان كردووە، ئایا قەرەبوو دەكرێنەوە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەمە بابەتێكی ئیداری و یاساییە هیوادارم دواتر لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان قسەی لێ بكەن چونكە من ئاگاداری وردەكارییەكان نیم، تەنیا ئەوە بووە كە بڕیار دراوە ئەو فەرمانبەرانەی كە شایستەن، زەوییان پێ بدرێت، بڕیاری پێویستمان بۆیان دەركرد كە زەوییان پێ بدرێت، بابەتی وردەكارییەكان هیوادارم دواتر لەگەڵ وەزارەتەكان بەدواداچوونی بۆ بكەن.
پ: كەی لەگەڵ یەكێتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ كۆدەبنەوە؟ ئایا تەنیا یەكێتی و پارتی بەشداریی لە حكوومەتی تازە دەكەن؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە هەموو جارێ كۆدەبینەوە، ئەوە نییە یەك جار بێ، چەندین كۆبوونەوە لە نێوان شاندەكانی هەردوولا كراوە، لەم یەك دوو رۆژە دیسان ئەو شاندانەی گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەت دەكەن دانیشتن دەكەن، بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئەنجام. خاڵی دووەم دەرگامان كراوەیە بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێ لە پێكهێنانی حكوومەت بەشدار بێت. دەبێ لایەنێك بێ كە لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدار و براوە بووبێت. ئەگەر ئەوان بەو بەرنامەیەی حكوومەت رازی بن كە ئێمە بە تەماین بۆ ئاییندەی هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكەن، بەخێر بێن و با بەشدار بن، ئەمە لەسەر ویستی خۆیان دەمێنێ.
پ: چۆن ڕووداوەكانی ناوچەكە و شەڕی ١٢ رۆژە هەڵدەسەنگێنن؟
سەرۆکی حکومەت:
قەت لەگەڵ ئەوە نەبووین كە گرژی و ئاژاوە و شەڕ بەردەوام بێت. بێگومان هەموو شەڕێك بەردەوام دەبێت تا لە ئەنجامدا بگەن بە ڕێككەوتنێكی ئاشتیخوازانە، كەواتە ئەنجامی هەموو شەڕێك گفتوگۆیە، كەواتە بۆ هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆ نەكرێت؟ ئێمە لەگەڵ شەڕ نین، لەگەڵ گرژی و پەرەسەندنی ئەم جۆرە شەڕ و ئاژاوانە نین، لە هەموو حاڵەتێكیشدا لە ناوچەیەك كە شەڕ بێت، ڕێگە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی كە لایەنە توندڕەوەكانی تریش بە شێوەیەکی خراپ سوودی لێ وەربگرن، هەروەك پێشتریش بینیمان سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش و ئەوانە، ئێستاش مەترسیی گەڕانەوەی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوانە هەیە ئەگەر ئەم كێشە و شەڕانە بەردەوام بن، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە گفتوگۆ بكرێ بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك، بگەن بە باوەڕێك كە بابەتی بووژانەوەی ئابووری و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان دەتوانێ زیاتر ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان بگەڕێنێتەوە.
پ: هەرێمی كوردستان پێشتر و ئێستاش پێگەیەكی سەلامەت بووە بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق، هەندێك دەنگ هەمیشە هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، یان دانیشتووانی كریستیانەكان هان دەدەن لە دژی هەرێمەكە، بۆ نموونە دانیشتوانی عەنكاوەیان هان دەدا، پەیامتان چیە بۆ ئەو هەوڵانە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە ڕێزمان بۆ پێكهاتەی كریستیانەكان هەیە و وەك هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان مافێكی یەكسانیان هەیە و پێموایە بۆ هەموو لایەنێكیش دیار و روونە كە لە هەموو ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست كۆچ دەكەن،بەڵام بۆ شاری عەنكاوە دێن. ئەمە وەڵامێكی باشە بۆ هەموو ئەوانەی كە گلەیی دەكەن یان ڕەخنە دەگرن كە بزانن ئەی بۆچی هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ هەموو كریستیانەكان كە دێن لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەكەن؟ چ ئەوانەی لە شەڕ و توندوتیژی رادەكەن، چ ئەوانەی لەبەر هۆكاری نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنەكانی تری هەم عێراق و هەم ناوچەكەش بەرەو هەرێمی كوردستان دێن. ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینكردنی هەموو مافەكانی كریستیانەكان هەروەكوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی تر، ئێزدی بن، عەرەب بن، توركمان بن، كورد بن، هەر كەسێك بێت، لە هەر پێكهاتەیەك بێ، مافێكی یەكسانی هەیە و ئێمە پابەندین بە دابینكردنی مافەكانیان. ئەگەر قسەیەكی تر لەملا و لەولا دەكرێ، بێگومان لەوانەیە نیەتێكی تری هەبێ، بەڵام ئەنجامەكەی بۆ هەموو دونیا دیارە و هەرێمی كوردستانیش شانازی بەوە دەكات كە توانیویەتی ببێتە پەناگەیەك بۆ هەموو خەڵكی ناوچەكە نەك تەنیا كریستیانەكان.
پ: ئەو چارەسەرانەی كە بۆ مووچە كراون تا ئێستا كاتی بوون، تا كەی هەرێمی كوردستان ئەو چارەسەرە كاتییانە قەبووڵ دەكات؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە هیوادارین كە ئەو چارەسەرە كاتییانەی كە خەریكین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بگەین بە هەندێك ئەنجام، ئەمانە ببنە بنەمایەك بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ هەموو ئەو كێشانەی كە هەن. كەواتە چارەسەری كاتی جیاواز نییە لە چارەسەری بنەڕەتی، ئەمە دەبێتە بەشێك لەو چارەسەرانەی كە دەبێ بدۆزرێتەوە بۆ ئەو كێشانەی كە هەڵواسراون و تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام. بێگومان ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و هیوادارین دەسەڵاتدارانی بەغداش بگەن بەو ئەنجامە و بڕوایان بەوە هەبێ كە دەبێ رەفتارێكی دادپەروەرانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن.
پ: پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پابەندن بە هەر بڕیارێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیدات لە حاڵەتێكدا كە بەغدا شایستە داراییەكان نەنێرێت؟
سەرۆکی حکومەت:
ئەگەر ئێمە سەركەوتین و دەستكەوتمان هەبوو، هەموو لایەنە سیاسییەكان بێگومان پشتیوان دەبن، بە پێچەوانەوە نەخێر، بەڵام لە سەركەوتندا شەریكمان زۆرە، لە هەموو سەركەوتنێكدا هەموو بوون بە شەریكی ئێمە و كێشە نییە.
پ: پرۆسەی ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا هەرێمی كوردستان رۆڵێكی سەرەكی لەم پرۆسەیەدا گێڕا و چەندین پەیام لە لایەن بەڕێز ئۆجەلان هەبوو، ئاخۆ ئەو پرۆسەیە بە كوێ گەیشتووە؟
سەرۆکی حکومەت:
ئێمە لایەنێك بووین بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتیی پرۆسەی ئاشتی بدەین، بەڵام ئێمە بەشێك نین لەو پرۆسەیە، ئەمە شتێكە لە نێوان حكوومەتی توركیا و لایەنی پەكەكەیە، بەڵام رۆڵی كاریگەری جەنابی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە كە ئێمە بتوانین یارمەتیی پرۆسەكە بدەین و ئاشتی بەرقەرار بێت. داوای دیداری جەنابی سەرۆك بارزانیش بە خاڵێكی ئەرێنی دەزانین. جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە گرژی نەمێنێت و بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكرێت. ئەوەی لە توانای ئێمەشدا بێت بۆ یارمەتیدانی ئەم پرۆسەیە، بەڵام لە ئەنجامدا یاریكەرە سەرەكییەكان دەبێ بگەن بە ئەنجامێك بۆ ئەوەی كە كێشەكە چارەسەر بكەن. شەڕەكە پرۆسەكەی دواخستووە یان نا؟ من نازانم، دەبێ لە لایەنەكان بپرسیت بزانیت دوایخستووە یان نا، بەڵام هەرچۆنێك بێت با ئێمە خۆشبین بین و ئامادەبین بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی ئاشتی.
پ: هەندێك هەوڵی پەرلەمانی عێراق بۆ پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان هەیە، ئاخۆ كەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت؟
سەرۆکی حکومەت:
پەرلەمانی كوردستان دانیشتووە، پەرلەمانی عێراق بە چ مافێك دەتوانێ پەرلەمانی كوردستان پەك بخات؟ پەرلەمانی كوردستان لە ئەنجامی پرۆسەیەكی دیموكراسی بووە و خەڵكەكە نوێنەرەكانیان هەڵبژاردووە و پەرلەمان دانیشتووە، لەبەر ئەوە هیچ ڕێگەیەك نییە و كەسیش مافی نییە كە بتوانێت پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پەك بخات.