سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتی جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا دەکەنەوە

سەرۆکی حکومەت ؛
* کۆبوونەوەکانمان ئەرێنی بوون و پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوانماندا هەیە.
* سەرۆکی یەکێتی ؛
* ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کات حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبان،ی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.
دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە.
لەم بارەیەوە سەرۆکی یەکێتی گوتی "کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت ڕێککەوتووین. کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبن و ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کاتدا، حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان".
سەرۆکی حکومەتیش لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە "ئەوە دووجارە کۆبوونەوەی باش و ئەرێنیمان بۆ لەیەک نزیکبوون و تاووتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی. پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لەسەر ئەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوار ، تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕوحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان".