Skip to the content

بە سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەت دوو ڕێککەوتنی گرنگ لە بواری وزە لە واشنتن واژۆ کران

سەرۆکی حکومەت؛ ئەم دوو ڕێککەوتننامەیە دەبنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 5/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتیی و چاودێری ڕێورەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئەنەرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس
‏WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد کە بەهاکەیان دەیان ملیار دۆلارە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە ڕێورەسمەکەدا نوێنەرانی ژووری بازرگانی ئەمەریکا و هەردوو کۆمپانیاکە لە وتەکانیاندا باسیان لە گرنگیی ڕێککەوتننامەکان کرد و پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، وێڕای سوپاسکردنی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ ئامادەکارییەکانی واژۆکردنی هەردوو ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیای گرنگی ئەمەریکی. ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕێککەوتننامانە کە بەهاکەیان چەندین ملیار دۆلارە ،نیشانەی هەبوونی ئاشتی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و کارکردنە لە پێناو پەرەپێدانی ئابوورییەکەی .

‎سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە، (ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس )  کە چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبووە؛ هاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان هەبووە.
‎هەروەها گوتی: حکوومەتی هەرێم زۆر پابەندبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت چاکسازییەکانی ئێمە بووەتە هەنگاوێک بە ئاراستەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هیودارین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین.
سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی گوتەکەیدا ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد بۆ ئەم دەسکەوتە گەورەیە کە دەبێتە هۆی زیاتر پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
‎ سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندیی و دۆستایەتی لەمێژینە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد کە چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەت و تیرۆر بووینەوە و توانرا ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و کاری سەربازی گەورەترە، چونکە بڕوامان وایە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە بواری وزە، دەکرێت قووڵتر و فراوانتر بکرێت و زیاتر بەهێزتر بکرێت.