سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 11/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا لەپێناو جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵ و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. هەروەها پێویستی و گرنگیی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی دووپات کرایەوە لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی و مافەکانی هەرێم و پارێزگەکان.